ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانیا له وتارێکیدا ڕایگه‌یاندووه که کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕه‌خنه‌گر، ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه و دیکتاتۆریی بن سه‌لمان جێنشینی سه‌عوودیا پیشان ده‌دات.
ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ریتانیا له سه‌روتاری ڕۆژی شه‌ممه‌ی باس له ئه‌گه‌ری کوشتنی جه‌مال خاشقچی ڕۆژنامه‌نووسه ڕه‌خنه‌گره‌که‌ی سه‌عوودیا ده‌کات و ڕایگه‌یاندووه که هه‌وڵی کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕه‌خنه‌گر، ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی محه‌ممه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سه‌عوودیا پیشان ده‌دات.
گاردیه‌ن له‌م وتاره‌یدا محه‌ممه‌د بن سه‌لمان جێنشینی سه‌عوودیا و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا به دوژمنانی ئازادی ڕاده‌ربڕین و میدیا سه‌ربه‌خۆکان ناو ده‌بات و ڕایگه‌یاندووه: ناڕه‌زایه‌تی ڕای گشتی له دیارنه‌مان و ئه‌گه‌ری کوشتنی خاشقچی، دوو که‌س له زاڵمترین سه‌رکرده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕووبه‌ڕووی یه‌کدی کردووه‌ته‌وه.
ئه‌ردۆغان که وڵاته‌که‌ی له چه‌ندین دۆسیه‌ی وه‌ک گه‌مارۆکانی سه‌عوودیا له دژی قه‌ته‌ر کێشه‌ی له گه‌ڵ ڕیاز هه‌یه، ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته گرتووه و داوای ئاشکرابوونی چاره‌نووسی خاشقچی ده‌کات.
گاردیه‌ن سه‌باره‌ت به بن سه‌لمان ڕایگه‌یاندووه: ئه‌و دژایه‌تی هه‌وڵه‌کانی دابینکردنی دیمۆکراسی له ناوخۆی سه‌عوودیا و جیهانی عه‌ره‌ب ده‌کات، نموونه‌ی ئه‌مه‌ش له ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی سه‌عوودیا له وڵاتی به‌حره‌ین ده‌بینرێت.